lördag 24 april 2010
21 / 4 / 2010 دیمانه: کوردستان خالید عەزیزی
تووێژی سکرتێری گشتیی حدک لهگهڵ رۆژنامهی کوردستان
21 / 4 / 2010
دیمانه: کوردستان
خالید عەزیزی: ئه گه ر بمانهه وێ له ئێراندا پێگه یه ک بۆ کورد دروست بکه ین، ده بێ ناوماڵی خۆمان رێک بخه ین
كوردستان: وەك یەكەم پرسیار، بە ئاماژە بەوەی ئەو رۆژانە مشتومڕێكی زۆر لە سەر كێشەی ناوكی كۆماری ئیسلامی ئێران لە گۆڕێدایە پێتانوایە ئەم كێشەیە بەرەو كوێ دەچێ؟
خالید عەزیزی: كێشەی ئێران لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە مەسەلەی ناوكی، ناكۆكییەكی چەند ساڵەیەو تاكو ئێستا بە لایەك دا نەكەوتوەو واچاوەروان ناكرێ بەوزوانەش یەك لابێتەوە. بەلام جووڵانەوەی كۆمەڵانی خەڵكی ئێران لە ساڵی رابردوو دا زۆر بەباشی ئەو پەیامەی بە دنیای دەرەوەدا كە ئەم رێژیمە بە هۆی كەڵك وەرگرتن لە سەركوت و ئیعدام و زیندانو ئازاری خەڵك پشتیوانیی جەماوەریی تا رادەیەكی زۆر لە دەست داوە. بۆیە ئەوە پەیامەی خەڵكی ئێران بۆتە هۆی ئەوە كە كۆمەڵگەی نێودەولەتی پتر لە جاران دژی ئێران بوەستێ و بە جۆرێك بەرەو سەپاندنی كۆمەڵیك سزاو گەمارۆی ئابووری بەسەر ئێران دا برۆن. لەسەر یەك رێژیمی ئێران لە لایەك لەگەڵ نارەزایەتی خەڵكی خۆی بەرەوڕوویە و لە لایەكیتر لەگەڵ زەخت و گوشاری دنیای دەرەوە، ئەمەش ئەو رێژیمە لە ئاستی مامەلە سەبارەت بە كێشەی ئەتۆمی لاوازتر دەكا.
كوردستان: باشە لەم نێوانەدا بزووتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵكی ئێران چۆن هەڵدەسنگێن؟
خالید عەزیزی: جووڵانەوەی ئێستای كۆمەلانی خەڵكی ئێران درێژەی نارەزایەتی چەندین ساڵەی خەڵكی وەزالە هاتووی ئێرانە. ئەو بزووتنەوەیە رەنگە تووشی هەورازو نشێو بێ و تەنانەت رێژیم بۆ ماوەیەك مەجالی خۆنواندنی پێ نەداوو مەیداندارییەكەی بەرتەسك بكاتەوە. بەلام لەناو ناچێ و بەتەواوی بێ دەنگ نابێ و تێك ناشكێ. ئێمە دەبێ تێ بكۆشین وێڕای بەشداری لەو بزووتنەوەیە بە هێزی بكەین و بیروبۆچوون و لێكدانەوەی خۆمان بە حەوسەلەوە بخەینە ناو ئەدەبیات و شێواز و ویستەكانی ئەو جووڵانەوەیە. كورد لە كوردستانی ئێران دەبێ تێ بكۆشێ بە گوێرەی توانا و ئەزموونی خۆی لە شكل گیریی عەقڵییەتی رێبەریی ئەو بزووتنەویە دا دەوری هەبێ. تەنیا ئاڵترناتیویك كە ئێستا بەرانبەر بە جمهووریی ئیسلامی جێكەوتووە ئەو بزووتنەوەیەیە كە بەرەنگی سەوز خۆی ناساندوە. دیارە تەعامولی رێبەرانی ئەو بزووتنەوەیە رەنگە بە دڵ و مەیلی ئێمە نەبێ، بەلام ئەوە نابێ بەو مانایە بێ كە ئێمە دوورە پەرێز بین. بەشداری و پشتیوانیی ئێمە مەجال و دەرفەت بۆ تەئسیر گوزاری دروست دەكا.
كوردستان: ئاماژەتان بە مەجال و دەرفەتەكان كرد. مەجال و دەرفەتەكانی كوردستانی ئێران لە نێو بزووتنەوەی سەوز دا چۆن دەبینی؟
خالید عەزیزی: ئێستاو داهاتووی كوردستان لەو سێناریۆیە دا پەیوەندیی بە دوو فاكتەرەوە هەیە. یەكەم: تەبیعەتو چەندوچۆنی ئاڵوگۆڕی دەسەلات لە تاران و سروشتی دەسەلاتی داهاتوو، ئەگەر قەرار بێ ئەو رێژیمە بڕووخێ و نەمێنێ، لەو حالەتەدا پرسیار ئەوەیە چۆن دەرووخێ و كێ دەی رووخێنێ و ئێمەی كورد، بە چ پرۆژەو میكانیزمیكەوە لەو سێناریویە دا دەبین؟ ئەگەر واچاوەروان دەكرێ كە ئاڵوگۆڕی بەسەر دابێ، دیسان چۆن دەبێ و ئێمەی كورد لە كوێی ئەم گۆرەپانە قەرار دەگرین؟
دووهەم: لەبەر ئەوەی ئایەندەی ئێران بە نیسبەت مەسەلەی كورد زۆر ناڕوونە و كوردیش خۆی زۆر بڵاوەو یەكگرتوونین، سەیرنییە ئەگەر ئاڵوگۆڕو شێوانی ئێران بە جۆرێك بێ كە هەر لایەك بە تەبیعەتی دەسەلات و توانایی خۆی مەیدانداری بكا، لەو حالەتەدا بەربڵاویی هێزە كوردییەكان، بێتە هۆی ئەوە كە ئێمە نەتوانین لە مەجال و دەرفەتەكان كەڵك وەرگرین.
بۆ ئەوەی كورد بتوانێ لە سێنارێو ئیحتیمالییەكاندا ئەو دەور و دەنگەی هەبێ، دەبێ نێوماڵی خۆی رێك بخاو كۆمەڵێك گیروگرفتی نێوخۆیی چارەسەر بكا، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ جۆرێك لە هاوكاری و لێكحاڵیبوون بكەوێتە نێو حیزبەكان و بەمیكانیزمێكی هاوبەش و عەمەلی ئاسانكاریی پێویست بۆ روبەرو بوونەوەی ئەو ئیحتیمالاتە بكرێ.
كوردستان: با بینە سەر تەوەرێكی دیكە. ئێوە بەدوای كۆنگرەی چاردە، بەردەوام باسی هاوكاریی نێوان حیزبە كوردییەكان دەكەن و تەنانەت باسی لێك نیزیك بوونەوەو یەكگرتنەوەی هەر دوو حیزبی دیموكرات دەكەن ئەم خوێندنەوەیە لە چیەوە دێ؟
خالید عەزیزی: لەژێر رووناكایی ولامی پرسیاری پێشوو بۆ جارێكی تر تائكید دەكەینەوە كە ئالقەی هەرە لاوازو كزی جوولانەوەی كورد بە درێژای مێژوو، نەبوونی یەكگرتوویی ریزەكانی خەباتی ئەو میللەتە بووە. ئەگەر بمانهەوێ لە ئێرانی فرەنەتەوە بە كۆمەڵێك «پیچیدگی»ی سیاسیی ئەو ولاتەوە، جێگەوپێگەیەكی گونجاو بە متمانەیەكی نیسبی بۆ كورد دروست بكەین دەبێ لە پێشدا كۆمەڵێك كێشەوگرفتو ناكۆكیی نێوخۆیی چارەسەر بكەین. بۆیە دەبێ لێك نزیكبوونەوەو هاوكاری، وەك ئەركو پێویستییەكی حاشاهەڵنەگر چاو لێ بكەین. بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ شەهامەت و راشكاویمان هەبێ. ئەگەر بمانهەوێ سێبەرو تارمایی ئینشعابو لەت بوونەكان بسرینەوەو بەو جۆرە زەمینەی رێگاچارە بۆ داهاتوو دروست بكەین دەبێ لە ئێستاوە بیر لە داهاتوو بكەینەوەو بە حەوسەلەو تێبینییەوە ئاستەنگەكان لەسەر رێگا هەڵبگرین.
كوردستان: باشە بە لەبرچاوگرتنی ئەو واقیعیەتانەی كە جەنابتان ئاماژەتان پێدا، پێتانوایە كۆسپی سەرەكیی بەردەم ئەو پرۆسەو پرۆژەیە چییە؟ چونكە زۆر كەس پێیان وایە پێوەندی هەر دوو حیزبی دیموكرات ئاستەنگێكی سەرەكییە لەبەردەم ئەم ئەركەدا؟
خالید عەزیزی: بەڵێ چەندوچۆنی پەیوەندی و عیلاقاتی هەر دوو حیزبی دیموكرات گرفتێكی سەرەكی لەبەردەم هاوكاریی هێزەكانە. ئێمە وەك حیزبی دیموكراتی كوردستان هیچ كێشەمان لەگەڵ هاورێیانی پێشوومان لە حیزبەكەی دیكە نییە. بە دوای لەتبوونی حیزبی دیموكرات و كۆنگرەی چاردەوە ڕامان گەیاندوە كە ئێمە ئامادەین لە پێناوی لێك نزیكبوونەوەو لێك گەیشتن بێ قەیدوشەرت لەگەڵ هاوڕێیانی پێشوومان دانیشین و لە هەمووی ئەو شتانەو تەنانەت یەكگرتنەوەش قسە بكەین. لەت بوونی دیموكرات بۆتە بەشێك لە مێژوو با چیتر لە خانەی مێژووی كێشەكان دا كە قەزاوەت كردن لەسەری یان زۆر ئاسان نییە گیر نەكەین. لە جیاتی ئەوە، كێشەكان بخەینە ئاستی پێداویستی بەرژەوەندی كوردستانی ئێران لە داهاتوودا. ئەگەر ئەوە بكرێ بە دەستووری كار ئەو كاتە دەكرێ روو بە ئایندە بیروهۆشی ئەندامانی هەر دوو حیزب ئامادەی رێگاچارەكان بكەین و بەو جۆرە هیواو ئومێدی زۆرتر بە خەڵك بدەین.
كوردستان: سەرەڕای ئەم هەڵوێستو بۆچوونانەی ئێوە لایەكەی دیكەی دیموكرات داوای ناوگۆڕین لە ئێوە دەكا. ئەو مەرجە چەندە لە جێگەی خۆی دایە؟
خالید عەزیزی: سەبارەت بە ناوو ناوگۆڕین پێویستە ئاماژە بە چەند خاڵ بكەم: یەكەم، ناوی حیزبی دیموكراتی كوردستان و حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بەشێكە لە مێژووی حیزبی دیموكرات. ئەو مێژویە بە شانازی و شكستەكانیەوە رابردووی هەر دوو حیزبی دیموكراتە. ئەگەر بە رابردووی تەمەنی چالاكی حیزبی و پێشینەی حیزبایەتیش بێ، ئەوە زۆربەی ئەو كەسانەی بەشی زۆری تەمەنیان ئەندامی حیزب بوونە كەوتونەتە لای حیزبی دیموكراتی كوردستان.
دووهەم، لایەك ناوی حیزبی دیموكراتی كوردستانەو لایەكەی دیكە، حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران. ئەو دوو ناوە بە كوردی و ئینگلیسی و كورتكراوەكەی و بەتەواوی لێك جیاوازن، لە هیچ شوێنیكی ئەو جیهانە، نە لە كوردستان، نە لە ئورووپاو نە لە ئەمریكا و نە لە عیلاقات و پێوەندییەكانی خۆمان دا لەگەڵ حیزبەكانی ئێران و كوردستانی ناوی حیزبی دیموكراتی كوردستان و حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران هیچ گیروگرفتێكی بۆ هیچ لایەك دروست نەكردوە.
سێهەم: لایەنەكان و حیزبەكان و دۆستانی حیزبی دیموكراتی پێش لەتبوون ئێستا بە خۆشییەوە دۆستی هەر دووك لامانن. هیچ كەس و لایەنەك لەوانە لەلایەك بە ئێمەیان نەگوتوە كە ناوەكەتان گرفت و مەسەلەیە، لەلایەكی دیكەشەو هیچ كەس و لایەنێك گرینگی بەمەرجەكەی ئەوان سەبارەت بە ناو گۆرین نەداوە.
چوارەم: هەر بەو جۆرەی كە كۆنگرەی چاردەی ئەوان پێڕەوو پڕۆگرامی ئەوانی بە ناوی خۆیان پەسەند كردوە، كۆنگرەی چاردەی ئێمەش بە تێكڕای دەنگ پێرەوو پرۆگرام و ناوی ئێمەی پەسەند كردوە. مادام ئێمە حەق بە خۆمان نادەین داوا لەوان بكەین ناوی حیزبەكەی خۆیان بگۆڕن حەق وانیە ئەوانیش مەرج بۆ گورینی ناوی حیزبی ئێمە دابنێن. ناوو پێناسەی هەر حیزبێك پیوەندی بە ئەندام و كۆنگرەی ئەو حیزبە هەیە، نەك خەڵكی تر.
پێنجەم: ئەو مەرجەی ئەوان بۆ ناوگۆڕین، لە راستیدا بیانوویەكە بۆ خۆ دزینەوە لە كردنەوەی دەرگای دیالۆگ و گفتوگۆ بۆ لێك نزیكبوونەوەو هاوكاری. ئەم بیانوویە لە لایەك بۆتە ئاستەنگ بۆ هاوكاریی حیزبەكان لەگەل یەكترو لە لایەكی دیكەوە لە خۆرا سەر ئێشەیەكی گەورەیان بۆ خۆیان دروست كردوە.
كوردستان: رێبەرانی لایەكەی دیكەی دیموكرات باسی ئەوە دەكەن كە ئێوە واتە حیزبی دیموكراتی كوردستان بگەڕێنەوە نێو حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، وڵامی ئێوە لەم پێوەندییەدا چییە؟
خالید عەزیزی: لە لەتبوونی حیزبی دیموكراتدا هیچ كەس لە هیچ لایەكی دیموكرات بۆ هیچ شوێنێك نەڕۆیشتوە كە بگەرێتەوە. ئەندامان و كادرەكان و پێشمەرگەكانی هەردوو حیزبی دیموكرات لە نێوخۆی وڵات و دەرەوەی ولاتو كەمپەكان هەموویان لە شوێن و جێگەی خۆیانن تەنانەت لە»كەمپی ئازادی» كە كەمپی هاوبەشی هەر دوو حیزبەكەیە و ئەندامان و كادرەكانی حیزب و تەنانەت رێبەرایەتییش دیواربەدیوارو دەرگابە دەرگا لە تەنیشت یەك دەژین. هەر دوولای دیموكرات لەسەر جێگەی خۆیانن هیچ لایەك نابێ بە لایەكەیتر بڵێ بگەڕێنەوە، مادام حیزبی دیموكراتی كوردستان و حیزبی دیموكراتی كوردستان ئێران دەسەڵاتیان بەسەر گوندێكی كوردستان دا نیە حەق وانییە لە دەشتی كۆیەو دوور لە ولات ئێمە باسی ناو گۆرینو هاتنەوەو شتی لەو بابەتانە بكەین، ئەو جۆرە شەرتو مەرجانە زۆرتر لە مەزنیخوازی وخۆبەزڵزانین سەرچاوە دەگرن، نەك مەنتق «واقعیات»ی كۆمەڵگای كوردستانو پێداویستی سەردەم.
كوردستان: ماوەیەكە كەمپەینك بۆ لێك نزیك بوونەوەی هەر دوو حیزبی دیموكرات دروست بووە. ئەم كەمپەینە داوا دەكا كە رێبەریی هەر دوو حیزبكە پێكەوە دابنیشن و كێشەكان چارەسەر بكەن. نەزەری ئێوە سەبارەت بەم كەمپەینە چییە؟
خالید عەزیزی: پێشەكی من هەرچەشەنە هەوڵ و تێكۆشانێك لە پێناو دیالۆگ و لێك نزیكبوونەوەی هەر دوو حیزبی دیموكرات بە كارێكی باش و نیشتمانپەروەرانە دەزانم. هیوادارم كە بەڕێوەبەرانی ئەم كەمپینە لە ژێر رووناكایی بێ لایەنی حیزبی، بە لایەنگریی لە یەكگرتوخوازی و بەرژەوەندی نەتەوەیی درێژە بە كاری خۆیان بدەن. لە لایەكی دیكەوە ئەندامانی كەمپەین خۆیان لە تێكۆشەرانی دیموكراتن كە پێ یان خۆشە هەر دوو حیزبی دیموكرات یەك بگرێتەوەو ئەوش دیسان هەوڵێكی پیرۆزە. ئێمە بە چاوی رێزو ئیحترام سەیری بیرورای گشتیی خەڵكی كوردستان بۆ لێك نزیك بوونەوە دەكەین، هەڵوێستی ئێمەوە زۆر روونە كە لە هەست بە مەسئولیەتی كردنی ئێمەوە سەرچاوە دەگرێ ئەوەش بریتییە لە ئامادەیی ئێمە بۆ دانیشتنو گفتوگۆ لەگەڵ هاوڕێیانی پێشوومان بۆ چارەسەری گرفتەكان.
كوردستان: بۆچی ئێوە هێندە لەسەر هاوكاری و لێكنزیكبوونەوە پێدا دەگرن، لەحالێكدا لایەنی دیكە بە بیانووی جواروجۆر بە پێچەوانەی هەڵوێست و روانگەكانی ئێوە دەجووڵێتەوە ؟
خالید عەزیزی: یەكەم: مادام حیزب وەسیلەیەكە بۆ جێبەجێ كردنی پرۆژەكانی سیاسی وئیداری كۆمەلگە و جەمعەكی زۆر و بەرچاو كاری تێدا دەكەن دەبێ تێ بكوشین ئەو ئامرازە بە كادرو پێشمەرگە و ئەندامەكانی بە عەقلیەت و تێگەیشتنێك پەروەردە بكرێن بۆ ئەوەی سەرچاوەیەكی جێگەی متمانە بن، بۆ ئیدارەو دروست كردنی كۆمەلگای فرە چەشنی كوردستانی ئێران لە ئێستاوداهاتوودا. كێشەو ناكۆكی نێوخۆی حیزبی دیموكرات شتێكی تازە نیەو بەداخەوە مێژوویەكی دوورو درێژی هەیە. حەق وانیە لەسەر كێشەی حیزبی، دوژمنایەتی بكەویتە نێوان ئەو خەباتكارانەی كە بەدەیان ساڵ پێكەوە هاوسەنگەرو هاو حیزب بوون و خەڵك و كۆمەلگا چاوروانی كاری گەورەتریان لێ دەكا.
دووهەم: بەرژەوەندی كورد لە كوردستانی ئێران لە وڵاتێكی پڕ كێشەی وەك ئێران كە بەرەوروی زۆر سێناریۆی ناروونە لە ئێمە دەخوازێ كە لە خانەی كێشەكانی حیزبی دا گیر نەكەین و بیر لە داهاتوو بكەینەوە، بۆ ئێمە بەرژەوەندی نەتەوەییمان گرینگترەو لەسەرەوەی بەرژەوەندیی حیزبییە.
سێهەم: لێك نزیكبوونەوەو هاوكاری و تەنانەت یەكگرتنەوەی حیزبی دێموكراتی كوردستان و حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران رێگا خۆشكەری دروست بوونی كەشو هەوایەكی گونجاوە بۆ پرۆژەی گەورەتری لێك نزیك بوونەوەی هەموو حیزبەكانی كوردستانی ئێران.
چوارەم: ئێمەوەك حیزبی دیموكراتی كوردستان لە هەموو بوارەكانی كار واتە رێكخستن، تەبلیغات، دیپلۆماسی و حزوور لە ژوورەوەو لە دەرەوە بە گوێرەی توانایی خۆمان زۆر چالاكین. ئەگەر لە لایەكی دیكەی دیموكرات چالاكترو بەرچاوتر نەبین، كەمترنین. كە وایە نەك لەبەر بێ توانایی و بێ داهاتوویی، بەلكوو لەبەر هەستكردن بە بەرپرسایەتییە كە پێشوازی لە نزیكبوونەوە دەكەین.
كوردستان : وەك دوایین پرسیار، رێنوێنی ئێوە وەك سكرتێری گشتیی حیزبی دیموكرات بۆ دروست كردنی زەمینەی پێوەندی باش و سالم لە نێوان هەر دوو حیزبەكەدا چیە؟
خالید عەزیزی: لەتبوونی دیموكرات جیاواز لەوەی كام بەش زۆرتر یان كەمتر تاوانبارە، چاك یان خەراپ بۆتە «امری واقیع»و حاشاهەڵنەگرە. ریگەچارەی ئەو كێشەیە ئەوەویە كە لە خانەی رق و كینەو تۆڵە ئەستاندنەوەو حوكم و بڕیاری یەك لایەنە دا گیرنەكەین و یەكتر بەو جۆرەی كە هەیە وەربگرین و قەبوول بكەن. باشترین قازی لە سیاسەت و كێشە و رەقابەتی حیزبی دا سەندوقەكانی دەنگدانە، ئێستا كە خەڵك بە داخەوە ناتوانن لە رێگەی سەندوقەكانی دەنگدانەوە قەزاوەت لەسەر هەر دوو حیزبی دیموكرات بكەن، ئەوە ئەركی ئەندامانی هەر دوو حیزبە كە كێشەكان بخەنە بازنەی مەنتق و عەقلانیەت و شەهامەت و راشكاوییان هەبێ كە لە سێناریۆی كێشەیكۆن دا نەمێننەوە و برینەكان نەكولێننەوەو بە ئەزموون وەرگرتن لە كێشە و ململانێیەكان و مێژووی دیموكرات، بنەمای فەرهەنگێكی سەردەمیانە بۆ چارەسەری كێشەكان دابمەزرێنن.
Prenumerera på:
Kommentarer till inlägget (Atom)
Inga kommentarer:
Skicka en kommentar